باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، پشتگیریی هەرێمى کوردستانێکى یەکگرتوو دەکەن لە چوارچێوەى عێراقێکى بەهێزدا، دەشڵێت، ئازادیى رادەربڕین لەهەرێمى کوردستان پاشەکشەی کردووە.
بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى لە عێراق، ئەلینا رۆمانۆسکى، ئەمڕۆ شەممە 30ـى تشرینی دووەم، لەگەڵ نوێنەرى دەزگاکانى راگەیاندن لە هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
لەبارەى دۆخى ناوخۆى عێراق و پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق، رۆمانۆسکى گوتى، داعش تاوەکو ئێستا مەترسییە لەسەر عێراق و لەگەڵ ئەو مەترسییانە حکومەتى عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە هەوڵەکانى بەگەڕبخات بۆئەوەى عێراق نەبێتە گۆڕەپانى شەڕ.
دەشڵێت، هاوکاربوون بۆ رێککەوتنى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان، بەمەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوت، جەختدەکاتەوە، چارەسەرکردنى کێشەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە قۆناغى کۆتاییدایە و رێککەوتنەکانى بوارى بودجە لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ ئەرێنین.
رۆمانۆسکى باسیلەوەشکرد، پشتیوانیى پەرەپێدانى بوارى کەرتى خوێندنى باڵان و ئەمساڵ چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ پرۆژەى سێ زانکۆى ئەمریکى لەهەرێمى کوردستان خەرجکردووە.
بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق کۆتایی بە ئەرکەکەى بهێنێت.